کرماشان/ هاووڵاتییەک بە هۆی نەخۆشیی تای کریمە ـ کۆنگۆ گیانی لەدەست دا

20:43 - 11 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: نەبوونی سیاسەت و ڕێسای پزیشکی بۆ پێشگرتن لە نەخۆشیی تای کریمەـکۆنگۆ و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی بێهداشتی حکوومەت لە کوردستانی ئێران، ئەو نەخۆشییە بڵاو بووەتەوە و ژیانی هاووڵاتیانی خستووەتەوە مەترسییەوە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پەرەئەستاندنی نەخۆشینی تای کریمەـکۆنگۆ لە پارێزگای کرماشان گیانی هاووڵاتییەکی کوردی ئەستاند.

\"ئیبراهیم شەکیبا\" سەرۆکی ناوەندی بێهداشتیی پارێزگای کرماشان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی \"مهر\" باسی لەوە کردووە؛ یەکێک لە هاووڵاتییانی دانیشتووی کرماشان کە لە کەبابخانە\" کاری کردووە، بە هۆی تووشبوون بە نەخۆشینی تای کریمەـ کۆنگۆ یا CCHF گیانی لەدەست داوە.

سەرۆکی ناوەندی بێهداشتیی ئەو پارێزگایە لە بارەی ڕێژە و پەرەئەستاندنی ئەو نەخۆشییە لەو پارێزگایە و ناوچەکەدا هیچ زانیارییەکی بە هەواڵنێران نەدا.

نەبوونی سیاسەتی شیاو بۆ پێشگرتن لەو نەخۆشینە و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی تەندرووستی، سەرەکیترین هۆکاری پەرەئەستاندنی ئەو نەخۆشینە لە کرماشانە و ئەوەش هۆشدارییەکی جیددییە بۆ هەموو شارەکانی دیکەی کوردستانی ئێران.