کرماشان/ منداڵانی کار بە دووچەرخەسواری پاڵپشتییان لێ‌کرا

22:15 - 25 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: ژن و مێردێکی کورد بە دووچەرخە مەودای ١٣٧ کیلۆمیتریی سنە بۆ کرماشانیان بڕی و پاڵپشتی خۆیان لە منداڵانی کار دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەپێناو \"گۆڕانی ڕوانگەی بەرپرسانی حکوومەتی بۆ منداڵانی سەرشەقام\" دوو دووچەرخەسوار مەودای نێوان شارەکانی سنە بۆ کرماشانیان پێداڵ لێدا.

ئەو ژن و پیاوە سنەییە کە تازە ژیانی نوێی هاوبەشیان دەست‌پێکردووە، خوازیاری \"لاچوونی ڕوانگەی بەبەزەییانە بۆ منداڵانی کار\"ن.

دونیا و ئاروین کەریمی لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی \"ایسنا\"دا، وێڕای ئاماژە کردن بۆ دۆخی نالەبار و سەختی منداڵانی کار لە کوردستانی ئێران، سەبارەت بە خوێندن و داهات و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو منداڵانە هوشداریان دا.

سەفەری یەک ڕۆژەی ئەو دوو چالاکە مەدەنیە کوردە بۆ کرماشان لەکاتێکدایە کە لە نێوەڕاستی گەلاوێژی ئەوساڵدا شارەوانیی کرماشان بە هاوکاریی ڕێکخراوی بێهزیستی و لە کردەوەیەکی نەشیاودا، سەری منداڵانی کاریان تاشی بوو.

هەندێ لە چالاکانی مەدەنی لەپاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هەڵوێستیان نیشان دا و خوازیاری بەدواداچوون بۆ کێشەکە و پێشگرتن لە دووپات بوونەوەی بوون.

بەپێی ئامارە نیوەفەرمییەکان، نزیک بە ١٥٠٠ منداڵی سەرشەقام لە هەردوو پارێزگای کرماشان و کوردستان بوونی هەیە.
لینکی پێوەندیدار:
کەرامەت شکێنیی حکوومەتی منداڵانی کاریشی گرتەوە