کرماشان/ زەوت کرانی سەرچاوەی بژیوی بنەماڵەی چالاکێکی کورد

15:19 - 30 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری کرماشان، زەوی و زاری بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کوردی زەوت کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژاسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زەوی و زاری وەرزێڕیی بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد بەناوی \"ئەکبەر سەنجابی\" خەڵکی گوندی \"بانی یاران\"ی شاری \"قەسری شیرین\"ی سەربە ئوستانی کرماشان لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە داگیر کرا.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، ئەکبەر سەنجابی کە ماوەی ١٠ ساڵ بوو بە تاوانی ئەندامەتی لە رێکخراوی موجاهدینی خەڵق لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان راگیرابوو، کە ساڵی ١٣٩٠ بۆ یەکەم جار بە دانانی قەباڵەی زەوی وزاری مەزراکەی خۆیان کە بڕی ١٠٠ میلیۆن تمەن بوو، مەرەخەسی پێدراو دوابەدوای هاتنە مەرەخەسی بێسەروشوێن بوو کە ماوەی ٢ ساڵە هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ئەکبەر سەنجابی لەبەر دەستدا نییە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ساڵی ١٣٧٩ لە شاری کرماشان دەستبەسەرو بۆماوەی ٢ ساڵ لە ژوورە تاکە کەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشاندا راگیرابوو، کە دواتر لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تاوانی ئەندامەتی لە رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێراندا بە ئێعدام مەحکووم کرا و دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ زیندانی هەتا هەتایی گۆڕدرا.