کرماشان/ بەردەوامیی ئاگرکەوتنەوەکان لەسروشتی کوردستان

14:50 - 7 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: ١٠ هێکتار لە لێڕەوار و دارستانەکانی ناوچەی\" سەراب کاشنبە\"ی سەر بە بەخشی ماهیدەشتی کرماشان لە ئاگردا سووتان.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٦ی جۆزەردان بەشێکی بەرچاو لە لێڕەوارەکانی ناوچەی سەراب کاشنبەی ماهیدەشت لەئاگردا سووتان.

لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا دار بەڕووەکان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکان روون نەبووەتەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە، ناوەندە پێوەندیدارەکان هیچ هەوڵێکیان بۆ کووژاندنەوەی ئاگرەکە نەداوە.

هاووڵاتیان بە بەردەوامی رایانگەیاندووە، زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان لە لێڕەوار و لەوەڕگەکان لەلایەن هێزەکانی سەربە ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکانەوە رووی داوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەساڵی ١٣٩٣دا بە گشتی ٢٣٥حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەناوچەکوردنشینەکانی ئێران رووی داوە کە ١٧٤ حاڵەتیان لە ئوستانی کردستان، ٣٧ حاڵەت لەکرماشان، ١٧ حاڵەت لە ورمێ و ٧ حاڵەتیش لە ئیلام رووی داوە.