کرماشان/ بەربەرەکانێی کچانی کۆبانێ لە شانۆیەکدا نمایش دەکرێت

12:34 - 31 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: بەسەرهاتی کچێکی کوردی خەڵکی کۆبانێ بۆ تۆڵە کردنەوە لە هێزەکانی داعش، بە شێوەی شانۆ لە ئوستانی کرماشان دەچێتە سەر سەکۆ و نمایش دەکرێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە هونەرمەندانی کورد لەهۆڵی فەرهەنگی _هونەری \"انتظار\" لە شاری کرماشان، شانۆی \"١٠٠\"ی بردووەتە سەر سەکۆ، کە بابەتی ئەو شانۆیە بەربەرکانێی کچێکی خەڵکی کۆبانێ لەگەڵ هێزەکانی داعشدایە.

نووسەر و دەرهێنەری ئەو نمایشە سەبارەت بە شانۆی ١٠٠ راگەیاند: \"ئەو شانۆیە باس لە ژیان و بەسەرهاتی کچێک لە شاری کۆبانێ دەکات کە هێزەکانی داعش باوک و برایەکیان کوشتووە ئەویش سوێندی خورادوو لە تۆڵەی ئەو کارە، ١٠٠ کەس لە ئەندامانی ئەو رێکخراوە بکوژێت.

ئارش مەنسووری لە \"پەرۆشی\" خۆی سەەبارەت بەو رووداوانەی کە پەیوەندییان بە کۆبانێەوە هەیە دەردەبڕی و بە هەواڵدەریی ئیسنای وتووە، \"رۆڵی سەرەکی ئەو شانۆیە لە ئەستۆی خاتوو ئەکرەم یەدی بووە\".

\"28690.jpg\"
ئارەش مەنسووری دەرهێنەری شانۆ
ئەکرەم هیمەتی، حیسام‌ئەدین ئازادی و ئارمین دزفوولیزادە لە شانۆی ١٠٠ دا رۆڵیان هەبووە.

تێچووی بلیتی ئەو نمایشە ٥٠٠٠ تەمەن بووە و لە سەرەتای ئەم حەفتەوە لە کاتژمێر ٦ ئێوارە لە هۆڵی شانۆیی شاری کرماشان دەستی پیکردووە و هەتا رۆژی ٣ی رەزبەر بەردەوام دەبێت.

پێشتریش شانۆ ١٠٠ لەشاری ئیسلام‌ئابادی غەرب سەر بە پارێزگای کرماشان پێشان درابوو.

لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو شاری کۆبانێ لە کوردستانی رۆژئاوا بووتە گۆڕەپانی هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە(داعش) کە تێیدا کچانی ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی ژنان(y.p.j) لە پێشەوەی شەڕەکە دان.