کرماشان؛ کامڕان تەکووک پاش بانگهێشتکردنی بۆ ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەسبەسەر کرا

11:02 - 23 بەفرانبار 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بەفرانبار، کامڕان تەکووک، شاعیر و چالاکی مەدەنی پاش بانگهێشتکردنی بۆ ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری کرماشان دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە، ڕاگوێزرا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو شاعیرە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە دوو حەوتوو پێش هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشان بردبووە سەر ماڵی کامڕان تەکووک و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بە سەر موبایلەکەی و هێندێک کەرەستەی شەخسیی ناوبراودا، گرتبوو و داوایان لێکردبوو کە ڕۆژی دواتر خۆی بە ستادی خەبەریی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران تیپی "نەبیی ئەکرەمـ"ـی ئەو شارە بناسێنێت، ئەو چالاکە مەدەنییە پاش سەردانی ئەو ستادە خەبەرییە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەمەڕ چالاکییەکانی خۆی لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەتییەکان دووبارە چوونەتە ماڵی ئەو شاعیرە و بەهۆی ئامادەنەبوونی کامڕان تەکووک لە ماڵەوە، بە بنەمەڵەیان ڕاگەیاندووە کە ڕۆژی دواتر ئەو شاعیرە، بۆ وەرگرتنی موبایلەکەی و کەرەستە شەخسییەکانی دووبارە سەردانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بکات.

ئەو سەرچاوە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بەفرانبار، کاتژمێر ١٠ و نیو پێش نیوەڕۆ، کامران تەکووک پاش ئامادە بوونی لە ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، دەسبەسەر و بۆ یەکێک گرتنگە ئەمنییەتییەکانی قەرارگای تیپی "نەبیی ئەکرەمـ"ـی کرماشان، ڕاگوێزرابوو.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە ستادی خەبەریی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشان، لە پەیوەندیی تەلەفوونیدا، بە بنەماڵەی "کامڕان تەکووکـ"ـیان ڕاگەیاندووە کە هەتا کاتی تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی و ڕەوانەکردنی دۆسیەیەکەی بۆ دادگا، ناوبراو لە دەسبەسەری دادەبێت.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی ‌وپاڵدراو دژی ئەو شاعیرە کرماشانییە، هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا، نییە.