کرماشان؛ ژنێكی لاو لەلایەن مێردەکەیەوە کوژرا

10:50 - 1 رەشەمه 2721

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕێبەندان، ژنێک بە ناوی "فاتمە سامتی" بە کەرەستەکانی چەقۆ و تەور، لەلایەن مێردەکەیەوە کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاڵنەری ئەم کوشتنە "کێشەی بنەماڵەیی" بووە.

"میلاد پوورعیسا" ڕۆژنامەوان، لەو پەیوەندییەدا لە تویتری خۆیدا نووسیوویەتی: "پەراسووەکانی فاتمە سامتی بەهۆی ئازاری پێش لە کوژرانەکەی شکابوو، ئەو ژنە فەرمانبەری دادگوستەری بووە و مێردەکەی (بکوژەکە) کرێکاری دەرکراوی دووکانێک بووە".

ئەو ڕۆژنامەنووسە هەروەها نووسیوویەتی: "بکوژەکە شەوێک پێش لەو ڕووداوە دوو منداڵەکەی بردبووە ماڵی باوکی".

حاڵەتی زۆری ژنکوژی لە ئێران ڕوو دەدات و ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سەردانکەران بۆ ناوەندە دادوەرییەکان و بنکەکانی پۆلیس لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لە ڕەوتی پێراگەیشتن بە "توندوتیژی دژی ژنان" و "کێشە بنەماڵەییەکان"، نەتەنیا بەنیسبەت ئەو پرسانە کەمتەرخەمن، بەڵکوو کاردانەوەی ئەو ناوەندە ئاماژە بۆ کراوانە تەنیا پێدانی موڵەت بۆ زۆر لە قەتڵەکان بووە و نموونەی بەرچاوی دەتوانین ئاماژە بە کوژرانی "ڕۆمینا ئەشەرەفی" لە گیلان و "سەرگوڵ حەبیبی" لە شاری سنە بکەین.

توندوتیژی دژی ژنان بە یەکێک لە پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لە جیهان ناسراوە، بەڵام لە ئێران پێناسە بۆ "جرم ‌انگاری" نەکراوە، تەنیا یاساکان بۆ ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە، سزای کەمتری لە بەرچاو گرتووە و موڵەتی بۆ کوشتنی ژنانی دەر کردووە.