کرماشان پاڵەوانی کێبڕکێکانی ئێسکەیتی ماڕاتۆنی ئێرانە

21:11 - 17 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی لێژنەی ئێسکەیتی پارێزگای کرماشان، باسی لە پاڵەوانییەتی کرماشان لە کێبڕکێکانی ئێسکەیتی ماڕاتۆنی ئێراندا کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، \"سامان شێرزادی\" لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵنێری \"تەسنیم\" ڕایگەیاندووە کە؛\" پێشبڕکێکانی ئێسکەیتی ماڕاتۆنی وڵات، بە میوانداریی شاری کرماشان بەڕێوەچووە و بە ناساندنی نەفەراتی سەرکەوتوو لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم کێبڕکێیانە، کۆتایی پێهات\".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندوە کە؛ \" ئەم پێشبڕکێیانە لە سێ بەشی لاوان، گەورەساڵان و پێشەنگەکاندا بەڕێوەچووە کە لە دڕێژەدا پارێزگای کرماشان توانی پلەی یەکەمی ئەم پێشبڕکێیانە بەدەست بێنێ و پارێزگای ئەراک و ئیسفەهان لە پلەی دووهەم و سێهەم‌یان بۆ خۆیان مسۆگەر کرد\".

بەرپرسی لێژنەی ئێسکەیتی کرماشان هەروەها ڕایگەیاندووە کە؛ نەفەراتی سەرکەوتوو لە ئۆردووی تیمی میللی‌دا بەشدار دەبن و لە بەشی گەورەساڵاندا \"محەممەد ساڵحی و فەرشید شایان\" لە کرماشان و \"یوسف حۆجەتی \" لە پارێزگای ئیسفەهانەوە بۆ بەشداری لە ئۆردووی تیمی میللی، بانگهێشت کراون.

کێبڕکێکانی پاڵەوانیەتی ئێسکەیتی جیهان، لە مانگی خەرمانانی ئەوساڵدا، بە میوانداری وڵاتی چین بەڕێوە دەچێت.