کرماشان؛ هاووڵاتییەک بەهۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان لە کاتی دروشم‌نووسین کوژرا

10:49 - 22 خەزەڵوەر 2722

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەک بە ناوی "ئەردەڵان قاسمی" کوڕی مستەفا خەڵکی شاری "گیلانغەرب"، بەهۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان، لە شاری کرماشان، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە سەرکوتکەرەکان لە بلواری تاقوەسانی کرماشان، "ئەردەڵان قاسمی" و هاوڕێیەکی ئەویان لە کاتی دروشم‌نووسین داوەتە بەردەسڕێژی گوللـە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان بە گوللـە لە دواوە تەقەیان لە "ئەردەڵان قاسمی" و هاوڕێکەی کردووە و ئەوان پاش بریندارکرانیان، ڕەوانەی نەخۆشخانە تاڵەقانی کرماشان کراون، بەڵام ئەردەڵان قاسمی لە ئەنجامی قورسیی برینەکانی و خوێنبەربوونی زۆر، گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو:  ئەوهاووڵاتییەی کە لەگەڵ ئەردەڵان قاسمی بووە، بەهۆی بەرکەوتنی گوللـەی هێزە سەرکوتکەرەکان، لە نێوقەدی بە سەختی بریندار و لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی پزیشكیی دایە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە بەرامبەر دانەوەی تەرمی "ئەردەڵان قاسمی" بڕی ١٦ ملیۆن تمەن پارەیان لەو بنەماڵەیە وەرگرتووە و هەڕەشەیان لەو بنەماڵەیە کردووە کە لە میدیاییکردنی کوژرانی کوڕەکەیان، خۆیان ببوێرن.

تەرمی "ئەردەڵان قاسمی" ڕۆژی شەممە ٢١ی خەزەڵوەر، لە ژێرچاوەدێریی توندی ئەمنییەتیی لە گۆڕستانی "تاقیل"ی شاری گیلانغەرب، ئەسپەردەی خاک کرا.