کرماشان؛ لە حەوت مانگدا ٢٤ کەس بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە

13:27 - 29 خەزەڵوەر 2721

"سەلیم خانی" بەڕێوەبەری پزیشکی یاسایی پارێزگای کرماشان لە وتووژێک لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی "فارس" ڕایگەیاند: "٢٤ کەس (٢٣ پیاو و ژنێک) لە ماوەی حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەهۆی ڕووداوی کار لەو پارێزگایەدا گیانیان لەدەست داوە".

"سەلیم خانی" ئاماژەی بە هۆکاری قوربانییانی ڕووداوی کار کرد و زۆرترین قوربانییانی ڕووداوی بۆ بەربوونەوە لە بەرزایی گەڕاندەوە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە ڕایگەیاند: "زۆرترین ڕووداوی کار لە بەشی بیناسازی ڕووی داوە".

بەرپرسی پزیشکیی یاسایی پارێزگای کرماشان ئاماژەی بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ماوەی حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵ کرد و ڕایگەیاند، ٣٠٣ حاڵەت بووە کە بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو (٩٩) کە ٢٧٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان بووە، ٢٦ کەس زیادی کردووە.

"خانی" هەروەها ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان بەهۆی گازگرتووییەوە کرد و ڕایگەیاند: "لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٠ کەس (٦ ژن و چوار پیاو) بەهۆی ژاراویبوون بە گازی مونۆئۆکسیدی کەربۆن گیانیان لەدەست داوە".