کرماشان زۆرترین ڕێژەی گیرۆدەیی بە ڤایرۆسی ئیدزی هەیە

15:25 - 11 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: جێگری تەندروستیی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان، هەواڵی لە زۆرترین ڕێژەی گیرۆدەیی بە ڤایرۆسی ئیدز لە کرماشاندا داوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان، \"ئیبراهیم شەکیبا\" جێگری تەندروستیی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە کە: \"لە ئێراندا ٣٠ هەزار و ١٨٣ کەس گیرۆدەی ڤایرۆسی \"ئێچ ‌ئای ڤی\"ن و لە ئەم هەژمارەشدا سەدی ١٥ی ئافرەتن و سەدی ٨٥یشی پیاوان پێکیان‌هێناوە.\"

ناوبراو هەروەها گوتی: \"لە پاڕێزگای کرماشاندا ٣هەزار و ٥٥٩ کەس تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون کە لەم بەینەشدا سەدی ١٠ی ئافرەتن و سەدی ٩٠ی پیاوان پێکیا‌ن‌هێناوە و سەدی ٦٦ی لەم گیرۆدانە هێشتا زیندوون و باقی گیرۆدەکان گیانیان لەدەست داوە.\"

هەروەها ئاماژەی کردووە کە: ئەگەری ئەوەش هەیە کە کەسانێک هەبن کە گیرۆدەی ئەم ڤایرۆسە بن، بەڵام شناسایی نەکرابن و ڕێژەی ئەم کەسانەش بە ٧٥ هەزار و ١١٠ کەس شیمانە دەکرێت.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە شێوازی تووش بوون بەم نەخۆشینە جیاوازیی زۆری هەیە، هەندێ جار لە خەڵک لە ڕێگەی تووش بوون بە مادەی هۆشبەرەوە گیرۆدەی ئەم نەخۆشینە دەبن و هەندێ جار لە ڕێگای پەیوەندیی جنسییەوە. لەم نێوانەشدا ژنان لە سەدا ٣٤ی ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگای پەیوەندیی جنسییەوە بڵاو دەکەنەوە.

هەروەها جەختی کردەوە کە \"هەرسین و قەسری شیرین\" زۆرترین ڕێژە و \"پاوە\" کەمترین ڕێژەی نەخۆشینی ئیدزییان هەیە. لە کۆتایشدا داوای لە تۆڕەکۆمەڵایەتییە گشتییەکان کردووە کە هاوکارییان بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم نەخۆشینە لەم پارێزگایەدا زۆرتر بێت.