کرماشان؛ دەسبەسەر کردنی ٨٦ کەس لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە ئێوارەی پیاسەی بێدەنگی لە تاقەوسان

15:23 - 22 سەرماوەز 2722

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند: لە ڕەوتی پیاسەی بێدەنگیی خەڵکی کرماشان، کە لە ڕۆژی ١٨ی سەرماوەز لە تاقەوسان دەستی پێکرد، تەنیا هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکانی سپای پاسداران، ٨٦ کەسیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو ئامارە تەنیا، ئەو کەسانە لەخۆ دەگرێ کە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراون و ڕوون نییە کە هێزەکانی دیکە بەتایبەتی هێزە ئینتزامییەکان چەند کەسیان لە خەڵکی کرماشان، دەسبەسەر کردووە.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١، خەڵکی شاری کرماشان بڕیار بوو کە بە بەڕێوەبردنی "پیاسەی بێدەنگی"، لە بلواری تاقەوسان هەتا سێڕیانی مەسکەن، پەیوەست بە مانگرتنی سەرتاسەریییەوە بن، کە ئەو ڕێپێوانە خەڵکی و ئاشتیخوازنەیە، بە دەستیوەردانی ‌هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکان، توندوتیژیی لێ کەوتەوە.