کرماشان: تێکهەڵچوونی نێو قوتابخانەیەک برینداربوونی دوو کەسی لێ‏کەوتەوە

20:14 - 24 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: لە شاری کرماشان تێکهەڵچوونی نێوان دوو قوتابیی قۆناغی سەرەتایی، تێکهەڵچوونی خێزانەکانیانی لێ‏کەوتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، دایکی دوو قوتابیی قوتابخانەی ناحکوومیی \"هاموون\" لە شاری کرماشان، لەگەڵ یەکتر تووشی کێشە هاتوون و ئەمەش بووەتە هۆی کەڵک وەرگرتن لە چەکی سارد لە نێو قوتابخانەکەدا.

ئەو تێکهەڵچوونە کە بە هۆی کێشەی نێوان دوو قوتابییەوە هاتبووە ئاراوە، برینداربوونی دایکێک و منداڵەکەی لێ‏کەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بەشی کرماشانی هەواڵدەریی فارس، ئەو دایک و منداڵە لە لایەن بنەماڵەی قوتابیەکی دیکەوە هێرشیان کراوەتە سەر و کەوتوونەتە بەر لێدان.
هاوژینی ئەو ژنەی کە بریندار کراوە، باسی لە تۆمار کردنی سکاڵا لە فەرمانداریی ئەو شارە کردووە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندبوو کە ئەو کێشەیە کە لە ناحییەی ٣ هاتووەتە ئاراوە، چارەسەر کراوە.

هەروەها، جێگری قوتابخانەی \"هاموون\"، بەکارهێنانی چەقۆی لەو قوتابخانەیەدا رەت کردووەتەوە و کێشەکەی تەنیا بە شەڕە قسە لەقەڵەم داوە.

زانیاریی زیاتر لەم پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپا نەگەیشتووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی ٦مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە ٩ هەزار و ٥٠٠ کەس لە پارێزگای کرماشان تووشی شەڕ و کێشە بوون.

کارناسانی کۆمەڵایەتی بە نیسبەت دابەزینی ئاستی خۆڕاگریی خەڵک لەهەمبەر ڕووداو و کێشە کۆمەڵایەتییەکان هۆشدارییان داوە.

ئەوان هۆکارە سیاسی، ئابووری و فەرهەنگییەکان بە گرینگترین هۆکارەکانی ڕوودانی ئەم چەشنە ڕووداوانە دەزانن.