کرماشان بەپێی نێونجی ئاماری زیادبوونی تەڵاق، لە ئێراندا پلەی یەکەمی هەیە

15:42 - 7 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: ئوستانی کرماشان لەپەیوەندی لەگەڵ ئاماری تەڵاق لە ئاستی ئێراندا بەپێی نێونجی زیادبوونی ئاماری تەڵاق پلەی یەکەمی هەیە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ (لەماوەی ٩ مانگدا) ٣ هەزار و ٦٣٩ حاڵەتی تەڵاق لە ئوستانی کرماشان تۆمار کراوە کە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو ٢٧٦ حاڵەت زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.

حوسێن نەزەری بەرپرس لەئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتیی ئوستانی کرماشان رایگەیاندووە کە لە ماوەی ٩ مانگی ئەمساڵدا، ئوستانی کرماشان بە ١٦ هەزار و ٨١٣ حاڵەتی هاوسەرگیرییەوە لە ئاستی ئێراندا پلەی ١٦ی هەیە کە ئەو رێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی سالی رابردوو ٢ هەزار و ٣٥٤ حاڵەت کەمی کردووە.

ئەو بەرپرسە لەدووەمین دانیشتنی شۆرای هاوئاهانگیی تۆمار کردنی رووداوەکانی ئوستانی کرماشاندا باسی لەوە کردووە، ئوستانی کرماشان بەپێی حەشیمەت ساڵی رابردوو پلەی پێنجەمی هەبوو، بەڵام ئەو ئامارە لە ئەمساڵدا بارودۆخێکی خراپ‌تری بە خۆیەوە بینیوە.

لە ماوەی ٣ مانگی ئەمساڵدا لە ئوستانی کرماشان ٤ هەزار و ٤٧٠ حاڵەتی هاوسەرگیری و لە بەرامبەریشدا ٧٣٩ حاڵەتی تەڵاق تۆمار کراوە کە بەو پێیە ئاماری تەڵاق رۆژ لە دوای رۆژ روو لەزیاتر بوون دەکات.

چالاکانی کۆمەڵایەتی لەو باوەڕەدان، کە چوونەسەرێی ئاماری تەڵاق لەلایەکەوە و دابەزینی رێژەی هاوسەرگیری بە نیسبەت زیاد بوونی حەشیمەت لە ئێران لەلایەکی دیکەوە، کۆمەڵێک کێشەی وەکوو قەیرەیی، چوونەسەرێی گەندەڵی ئەخلاقی لە نێو کۆمەڵگە و پچڕانی شیرازەی بنەماڵەی بەدواوە دەبێت.

ئەوەش لەحاڵێک دایە، کە بە وتەی چالاکانی کۆمەڵایەتی زۆربەی لایەنە حکوومەتییەکان تەنیا لە چوارچێوەی تەبلیغاتدا باس لە \"پەرەپێدانی فەرهەنگی هاوسەرگیری\" و کردنەوەی \"خولی پەروەردەیی\" بۆ لاوان دەکەن، بەڵام لە کردەوەدا هیچ هەنگاوێکیان نەناوە.

ئوستانی کوردنشینی کرماشان بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی سەرجەم ١ ملیۆن و ٩٤٥ هەزار و ٢٢٧ کەسی حەشیمەتی هەیە.