کرماشان / قوتابییەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

19:48 - 4 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە یەکێک لە قوتابخانە ناوەندییەکانی شاری کرماشان، قوتابییەک بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە یەکێک لە قوتابخانە ناوەندییەکانی شاری کرماشان، قوتابییەکی تەمەن ١٣ساڵ، دەستی دایە خۆکوژی و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەو هاووڵاتییە ناڕوونە و هەروەها هۆکار و پاڵنەری خۆکوژیی ئەو قوتابییەش نەزانراوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتاکوو ئێستا، ١٢ منداڵی تەمەن ژێڕ ١٨ساڵان، کە زۆربەیان قوتابیی قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی بوون، دەستیان داوەتە خۆ کوژی و گیانیان لەدەست داوە.

شارەزایان لە سەر ئەو باوەڕەن کە ئەو قوتابییانە بە هۆی ترس لە خوێندنگا و دابەزینی ئاستی خوێندن و کەوتن لە هێندێک لە مادە دەرسییەکان و ترس لە بانگهێشت کردنی دایک و باوک و هەروەها خەمۆکی و بوونی کێشە و ناکۆکییەکانی نێو بنەماڵەکانیان، هەوڵی خۆکوژی دەدەن.