کردنەوەی زانکۆی قۆروە بەبێ گاز و ڕێگە و لێژنەی زانستی

14:42 - 22 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: بەبۆنەی هاتنی دەیەی فەجر زانکۆی پەیامی نووری قۆروە کرایەوە کە نەتەنیا خاوەنی ڕێگەی هاتوچۆ نییە بەڵکوو لە هەبوونی کەل و پەلی گەرمادە و سیستمی گاز و لێژنەی زانستیش بێبەرییە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەڕێوەبەری ئەم زانکۆیە، \"محەممەد خالدیان\"، لەم بارەوە بە هەواڵدەریی حکوومەتی \"کوردتودەی\" ڕاگەیاندووە، زانکۆی پەیامی نووری قۆروە ١٢ کلاس و ١١ فەرمانبەر و ١٢٠٠ خوێندکاری هەیە، بەڵام خاوەنی لێژنەی زانستی نییە و تا ئێستا سیستمی گازکیشییەکەی تەواو نەبووە.

بەپێی ئەم هەواڵە، زانکۆی قۆروە کە لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوییەوە بە ڕشتەی زمان و ئەدەبی فارسی کارەکانی خۆی دەست پێکرد لە شوێنێکی دوور لە شاری قۆروە ساز کراوە کە وەک هەندێک لە بەرپرسان دەڵێن خوێندکاران بۆ گەیشتن بە کلاسەکانی دەرس پێویستە مەترسی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاژەڵە کێوییەکانی وەک گوورگ قبووڵ بکەن.

کردنەوەی ئەم زانکۆ لە حاڵێک دایە کە ماوەی چەندین ساڵە بەرپرسانی پێوەندیدار مزگێنی سازکردنی بینایەکی نوێ بە کەرەستەی تایبەت بە خوێندکاران دەدەن بەڵام لە کۆتاییدا بینایەک دروست کراوە کە لە زۆر بارەوە جێگەی ڕەخنە و گازندەیە.

\"29519.jpg\"

\"29518.jpg\"