کتێبە دەستنووسەکانی کورد تاڵان کراوە

20:21 - 21 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لە هەشتەمین پیشانگای کتێب لە شاری سنە، کۆڕی زانستی بەڵگە و دەستنووسە مێژووییەکانی کوردستان، لە دووهەم ڕۆژی هەشتەمین پیشانگای نێودەوڵەتی کتێبی پارێزگای سنە، بۆ مامۆستایانی بواری مێژوو و لێکۆڵینەوەی کورد و کوردستان بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆرێکی زانستی بەڵگە و دەستنووسە مێژوویەکانی کوردستان، لە دووهەمین ڕۆژی پیشانگای کتێبی پارێزگای سنە، بۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانی بواری مێژوو و لێکۆڵینەوەی مێژووی کوردستان بەڕێوەچوو.

لەو کوڕە زانستییەدا، هەر یەک لە دوکتور محەممەد عەلی سوڵتانی، دوکتور ئیسماعیل شەمس و دوکتور سەید محەممەد شێخ ئەحمەدی بەشداریان کرد و جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە: پێویستە بە زووترین کات کار لەسەر خوێندنەوە و ڕاستکردنەوەی بەڵگە و دەستنووسە کوردییەکان یان ئەو دەستنووسانەی کە نووسەرانی کورد بە زمانەکانی تریش نووسیویانە بکرێت بۆ ئەوەی مێژووی کورد باشتر و ڕاستتر ڕوون بێتەوە.

لە بەشێکی ئەو پانێلەدا، دوکتۆر محەمەد عەلی سوڵتانی لێکۆڵەری بواری کوردناسی و مێژووی کورد و کوردستان، دەڵێت: هاوکات لەگەڵ یەکەم کتێبخانە تاکەکەسییەکانی کوردستان کە لە بنەماڵەی ئەردەڵان و بنەماڵەی ئەمیرنیزامی گەڕووس دروستیان کردبوو، کتێبە دەستنووس و ئایینیەکان بە زمانی کوردی و عەرەبی لە لایەن شێخ حەمەڕ زیائودینی نەقشبەندی لە حوجرە و خانقای بیارە بووە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە یەکێکی دیکە کە کتێبخانە گرینگەکان کرد و ڕایگەیاند: یەکێک تر لە کتێبخانە گرینگ و کۆنەکانی کوردستان کە لە سنە بووە، کتێبخانەی بنەماڵەی مەردۆخی بووە کە لە بەردەست ئایەتوڵڵا شێخ محەمەد مەردۆخدا بووە و تا سەردەمی پەهلەوی دووهەمیش هەر کەڵکی لێ وەرگیراوە.

دوکتۆر ئیسماعیل شەمس، لێکۆڵەری کوردناسی و توێژەری بواری کوردستانناسی وتی: خوێندنەوەی بەڵگە و دەستنووسەکان بەشێکی زۆری شوناسی کورد ئاشکرا دەکات.

دوکتور شەمس ئەوەشی خستەڕوو: یەکەم دەستنووسە کوردییەکان شێعری کوردیە ، بە پەخشان و دەق زۆر دواتر و چەند سەدە دوای شێعری کوردی ئێمە دەقی دەستنووسی کوردیمان هەیە و مێژووی بەڵگەنامە بە زمانی کوردی هەر زۆر تازەیە.

یەکێکی دیکە لە پسپۆڕانی ئەو کۆڕە زانستییە دوکتۆر محەمەد شێخ ئەحمەدی توێژەر و مامۆستای زانکۆ لە بەشی مێژوو بوو، ڕایگەیاند: بەشێکی زۆر لە مێژووی کورد بە تایبەت لە چەند سەدەی ڕابردوو نەنووسراوەتەوە و کۆ نەکراوەتەوە و هێشتا ئێمە زانیاریمان لەسەر ئەم مێژووە نییە چونکوو زۆربەی ئەو دەستنووسانە کە مێژووی کورد و کوردستانی تێدایە هێشتا نەخوێندراونەتەوە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە، بۆ پێڕست نووسی دەستنووس و بەڵگەنامە کوردییەکان پێویستە ناوەندێک لە کوردستاندا بکرێتەوە تا کەسانێکی شارەزا و مامۆستای ئەم بوارە دەست بدەنە خوێندنەوە و ڕاست کردنەوەیان و ئەرشیڤێکی نەتەوەیی دروست بێت، هەتا خوێنەرانی کورد بتوانن کەڵکی لێوەربگرن.