کتێبێکی نوێی مەستوورەی ئەردەڵان دۆزرایەوە

20:07 - 4 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە کتێبەکانی ژنە شاعیر و مێژوونووسی کوردستان لە یەکێک لە کتێبخانەکانی شاری تەورێز دۆزرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە مامۆستاکانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە باسی لە دۆزینەوەی کتێبێکی دەسنووسی ٨٠ لاپەڕەیی مەستوورەی ئەردەڵان لە کتێبخانەی شاری تەورێز کرد.

دوکتور جەماڵ ئەحمەدی ئایین لە ڕێوڕەسمی ڕوونوێنی کتێبی\"مسگەر\"ی دووهەمین کتێب لە کۆی کتێبەکانی\"پیشە کۆنەکانی شاری سنە\" لە ڕۆژی ٢ی سەرماوەزدا، ڕاگەیاند: ٤٤ لاپەڕە لەو کتێبە بە شێوەی پەخشان نووسراوە و لە یەکێک لە کتێبخانەکانی شاری تەورێز دۆزراوتەوە.

هەواڵدەریی ئیرنا لە زاری ئەو لێکۆڵەرە کوردە بڵاوی کردوە: \" کتێبەکەی مەستوورەی ئەردەڵان مانگێک پاش کۆچی دوایی ئەو ژنە مێژوونووسە بڵاو بووتەوە\".

دوکتور ئەحمەدی ئایین لێکۆڵەری کورد

\"\"
دوکتور ئەحمەدی ئایین توێژەری کورد
دوکتور ئەحمەدی ئایین، ڕوونی کردوە کە بەم زوانە پاش پێداچوونەوە و ساخکردنەوەیی ئەو کتێبە، پێشکەشی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە دەکات.

ماە شەرف خانم قادری (مەستوورەی ئەردەڵان) شاعیر، نووسەر و یەكەم ژنی مێژوونووسی جیهانە لە بنەماڵەی ئەردەڵانەكانی سنە كە ساڵی ١١٨٤ی هەتاوی (١٨٠٥ ی زایینی ) لە شاری سنە ناوەندی حكوومەتی ئەردەڵانەكان لەدایك بووە و ساڵی ١٢٢٧ی هەتاوی لە تەمەنی لاوەیەتیدا مردووە و لە گۆڕستانی گردی سەیوان لە شاری سلێمانی نێژراوە.

مەستوورە زمانەكانی كوردی، فارسی و عەرەبیی زانیوە و لە ماوەی ژیانیدا بە دوو زمانی كوردی و فارسی شێعری نووسیوە و مێژووی بنەماڵەی ئەردەڵانیشی نووسیوە.

كۆمەڵێك لە بەرهەمەكانی لەلایەن وەزرارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە چاپ و بڵاو كراوەتەوە.