کتێبی میژووی ئەدەبی کوردانی ئەردەڵان لە شاری سنە چاپ و بڵاو کرایەوە

21:18 - 5 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: کتێبی مێژووی ئەدەبی\"کوردانی ئەردەڵان لە هۆڵی فەرهەنگی هونەریی \"فەجر\"ی شاری سنە ڕوونوێنی کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەممە ٤ی خەزەڵوەر، کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردانی ئەردەڵان بە بەشداریی کۆمەڵێک لە مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکارانی بەشی مێژوو، ڕوونوێنی کرا.

کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردانی ئەڕدەڵان لە چوار سەد لاپەڕەدا و لە تیراژی ١٠٠٠ بەرگدا، چاپ و بڵاو کرایەوە.

ئەو کتێبە سەرەتا بە زمانی فەڕانسەوی لە لایەن زیندەیاد \"شیرین ئەردەڵان\"ەوە نووسراوە و دواتر \"مورتەزا ئەردەڵانی\" وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و \"کامبیز ئیبراهیم زادە\"(زەردەشت موکریانی)، لە زمانی فارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

ئەو بەرهەمە مێژووییە لێکۆڵینەوەی لە ژیانی دەسەڵاتدارانی ئەردەڵان و حوکمڕانیی ئەو بنەماڵەیەی لە ماوەی ٧٠٠ ساڵدا کردووە.

لە کاتی ڕوونوێنیی کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردانی ئەردەڵان، جەماڵ ئەحمەدی ئایین، لە چەند وتەیەیکدا باسی لە گرینگیی مێژوو، و ڕۆڵی کتێبە مێژووییەکان کرد، هەروەها داوای لە هاووڵاتییانی کورد کرد بۆ ناسینی ڕابردوو، کەڵک لە کتێبە مێژووییەکان وەربگرن.

ماجد مەردۆخ لە میژوو نووسانی کوردستان، چەند وتەیەکی سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو کتێبە بۆ بەشدار بووان باس کرد.

مەسعوود بینەندە مامۆستای زانکۆ لە بواری کۆمەڵناسی، لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی مێژووییەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و داوای کرد مێژوونووسان، مێژووی سیاسی و مێژووی کۆمەڵایەتی لە یەکدی جیا بکەنەوە.

هەروەها ئەسعەد ئەردەڵان، چەند وتەیەکی لە سەر ژیان و کەسایەتیی شیرین ئەردەڵان بۆ بەشداربووان پێشکەش کرد.

ئەرکی ڕوونوێنیی ئەو بەرهەمە مێژووییە لەئەستۆی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەوی کورد لە زانکۆی کوردستان بووە.

فەڕمانڕەوایەتی ئەردەڵان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، لە ساڵی ١١٦٩ لەلایەن \"بابە ئەردەڵانەوە\" دامەزراوە و هەروەها ساڵی ١٨٦٧ زایینی کۆتایی بەو حوکمڕانییە هاتووە.