کتێبی \"فەلسەفە و ناسۆرییەکانی ژیان\"، لە لایەن نووسەر و وەرگێڕێکی کوردەوە وەرگێڕدرایە سەر کوردی

16:06 - 11 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کتێبی \"فەلسەفە و ناسۆرییەکانی ژیان\"، لە لایەن دوکتور عەبدوڵڵا ئەمینی، مامۆستای زانکۆ و نووسەری مەریوانی، وەرگێڕدراوەتە سەر کوردی و ئامادەی چاپە.

عەبدوڵڵا ئەمینی، لەم پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"یەکەمین ئەزموونی وەرگێڕانم لە دەقە فەلسەفییەکان بە زمانی کوردی، دوای ساڵانێک، ئاخری بە هەوڵ و تێکۆشانی دۆستانی ئازیز لە چاپ و پەخشی \"مادیار\"، ئامادەی بڵاوکردنەوە بووە.\"

\"\"دوکتور عەبدوڵڵا ئەمینی، مامۆستای زانکۆ و نووسەری مەریوانی
عەبدوڵڵا ئەمینی، پێشتر چەند بەرهەمی وەرگێراوەتە سەر زمانی فارسی و بەپێی قسەکانی خۆی، کتێبی \"فەلسەفە و ناسۆرییەکانی ژیان\"، دەستپێکێکە بۆ بەرهەمەکانی تری بۆ سەر زمانی کوردی و بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی زمانی دایکی، لەم پەیوەندییەدا زیادی کرد: \"هەر مرۆڤێک لە پلەی یەکەمدا بە زمانی دایکیی خۆی بیر دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر لە ڕێگای زمانی دووهەمەوە بنووسێت. تاک سەرەتا بە زمانی دایکیی خۆی بیر دەکاتەوە و لە هەنگاوی دواییدا ئەو شتەی کە بیری لێ کردووەتەوە، لە چوارچێوەی زمانی دووهەمدا دایدەڕێژێت.\"

کۆی کتێبەکە کە بەرهەمی \"ئارتۆر شووپنهاوەر\"ـە، پێکهاتووە لەم وتارانەیە: \"کورتەیەک لەسەر فەلسەفە و ژیانی شووپنهاوەر\"، \"بێهوودەیی بوون\"، \"سەبارەت بە ئازارەکانی ژیان\"، \"سەبارەت بە خۆکوژی\"، \"سەبارەت بە ژنان\"، \"سەبارەت بە موتاڵا و کتێبەکان\" و \"هەرمانەوە: وتووێژێک\".

بەپێی وتەکانی وەرگێڕ، تایبەتمەندیی ئەم کتێبە و وتارەکانی لەوەدایە، کە هەمووان دەتوانن لێی تێبگەن و چێژی لێ وەربگرن.

جێگای ئاماژەیە کە عەبدوڵڵا ئەمینی، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٣ی گوندی ئاڵمانەی مەریوانە و ساڵی ١٣٩٢ بڕوانامەی دوکتورای فەلسەفەی لە زانکۆی ئیسفەهان وەرگرتووە و خاوەن چەند بەرهەمی گرنگی فەلسەفییە.