کتێبی رەنگاڵە گەیشتە دەستی ئۆگرانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی

14:29 - 15 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: کتێبی رەنگاڵە لە نووسینی عادڵ محەمەدپوور کە لەبارەی فەرهەنگ و هونەری ناوچەی هەورامانەوەیە لەلایەن ناوەندی فەرهەنگیی هەورامانەوە چاپ و بڵاو کرایەوە.

بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردپرێس: ناوەرۆکی ئەو کتێبە فەرهەنگ و و ئەدەبی کوردستان بەتایبەتیی ناوچەی هەورامان دەخاتە روو و چەندین بابەتی شیکاری، رەخنەیی، تیۆری و ئەدەبی لە خۆ گرتووە کە لەلایەن ناوەندی فەرهەنگیی هەورامانەوە بە هەژماری ٥٠٠ دانە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

\"10566.jpg\"
عادڵ محەمەدپور
نووسەر لە کتێبەدا هەوڵی داوە بە روانگەیەکی شیکاری، رەخنەیی و تیۆری پێناسەیەکی نوێی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی ناوچەی هەورامان بکات و رەهەندە بەهێز و لاوازەکانی بێنێتە بەر باس و زانیاری لەسەر مێژووی فەرهەنگی و ئەدەبی ناوچەی هەورامان بخاتە روو.

ئەو کتێبە کە سەرجەم لە وتارەکانی \"عادڵ محەمەدپور\" پێکهاتووە، وتارەکانی وەک: \"مێژووی شێعری هەورامی لە دەستپێکەوە هەتا ئێستا\"، \"بنچینەکان و ئەسڵی جوانی ناسیی زمان و شێعری هەورامی\"، \"شڕۆڤەی زمان و ئەدەبی هەورامی\"، ره‌چه‌ڵه‌کناسی شێعری ھاوچه‌رخی ھۆرامی\" لە خۆ دەگرێت و ناساندنی چەندین ئەدیب و شاعیر بەناو بانگی هەورامی لە نێوائاخنی ئەو کتێبەدا هاتووە.

رەنگاڵە بە واتای \"رەنگاوڕەنگ\" و \"کۆلکە زێڕینە\"یە و بە شێوەی کۆمەڵە وتار لە ٢٠٥ لاپەڕەدا بە زمانی کوردی پێشکەش بە ئۆگرانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی کراوە.

عادڵ محەمەدپوور سەرنووسەری گۆڤاری فەرهەنگی و ئەدەبیی زرێبارە و هەتا ئێستا چەندین بەرهەمی دیکەی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەدەب و هونەری کوردیدا چاپ و بلاو کردۆتەوە.