کتێبخانەی \"ژیلا حسەینی\"، لە لایەن ڕێکخراوەی \"هیوای زانست\" لە سەقزدا کرایەوە

16:22 - 12 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوەی هیوای زانستی شاری سەقز، لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیدا، کتێبخانەی \"ژیلا حسەینی\"ی لە گەڕەکی حەماڵاوای سەقزدا کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ۱۱ی بانەمەڕی ۱۳۹۸ی هەتاوی، ڕێکخراوەی هیوای زانست، بە ئامادەبوونی هۆگرانی چاند و کەلەپووری کوردی، کتێبخانەی \"ژیلا حسەینی\"ی لە گەڕەکی حەماڵاوای سەقزدا کردەوە.

لەو چالاکییەدا، خاتوو \"موفیدە مەزهەر\"، دوکتور \"ئارمان حسەینی\" و مامۆستا \"زاهد ئارمی\"، وتاریان پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو چالاکییەدا، چەند کەس لە ژنە شاعێرەکانی چالاک، چەند پارچە شیعریان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

هەروەها، گرووپی سروودی قوتابییانی سەرەتایی قوتابخانەی ۷ی پووشپەڕ، بە وتنەوەی سروودی \"خوایە وەتەن ئاوا کەی\"، کۆڕەکەیان ڕازاندەوە. هەروەها، لە لایەن هەندێک لە میوانانەوە دەیان کتێب پێشکەشی کتێبخانەکە کرا.