کاڕاتەکارانی کورد شانازییەکی نوێیان تۆمار کرد

14:11 - 19 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: لە کێبڕکێ نێونەتەوەییەکانی کاراتە، شێوازی فۆدۆکان کە لە کرماشان بەڕێوەچوو، تیمی دێگولان توانی ٦ مێداڵی زێڕ، ٥ زیو و ٥ بڕۆنز وەدەست بێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە کێبڕکێ نێونەتەوەییەکانی کاراتە کە بە بەشداریی ١٨ پارێزگای ئێران و وڵاتانی عێراق، تاجیکستان، ئەفغانستان و بەنگلادێش بە خانەخوێیەتی کرماشان بەڕێوەچوو، کاراتەکارەکانی دێگولان توانییان ٦ مێداڵی زێڕ وەدەست بینن.

لە بەشی ژناندا ئایدا ساعدمووچشی، مۆنا ناسری و کیژان فەقیری و لە بەشی پیاوانیش‏دا سینا قادرمەرزی، بێهنام محەممەدی و مارتیا دانش توانییان مێداڵیای زێڕی ئەم کێبڕکێیانە وەدەست بێنن. هەروەها سینا محەممەدی، فەرشید محەممەدی، یاسین سەیدی، سۆشین هەورامان و ئارام هەورامان، مێداڵیای زیویان لە مل کرد و ڕزگار ساعێدی، نیما محەممەدی، ئاروین محەممەدی، مۆبین مۆرادی و کارینا فەقیری، پلەی سێهەمیان وەدەستهێنا و مێداڵی بڕۆنزیان لە کارنامەی خۆیاندا تۆمار کرد.

سەرەڕای کەمیی ئیمکاناتی وەرزشی و پشتگوێ خستنی پرسی وەرزشی کوردستان، بەردەوام وەرزشکارانی کورد هەم لە ئاستی ئێراندا و هەم لە کێبڕکێ نێونەتەوەییەکاندا شانازی بۆ خۆیان و گەلەکەیان تۆمار دەکەن و کارناسان لەمبارەوە پێیان وایە ئەگەر وەک پێویست گرینگی بەم بەشە بدرێت، ئەوا کوردەکان پشکی شێریان بەردەکەوێت.