کاوە بەهرامی: مەقەڕەکانی حیزبی دێموکرات کرانە ئامانجی مووشکی سپای پاسداران

18:17 - 28 جۆزەردان 2720

تۆپخانەکانی سپای پاسداران بۆ دووەمین ڕۆژ بەرزاییەکانی "ئالانە" لە خاکی هەرێمی کوردستانیان تۆپباران کرد و مەقەڕەکانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێرانیان کردە ئامانج.

تۆپبارانکردنی پەیتا پەیتای سپای پاسداران خەسارێکی بەرچاوی بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

"کاوە بەهرامی"، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزەی پێشمەرگەی کوردستان، سەبارەت بە لێدانی بنکە و مەقەڕەکانی حیزبی دێموکرات بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئامانجی سپای پاسداران، بە مووشک لێدانی مەقەڕەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە".

بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەڵێت: "سپای پاسداران لە تۆپبارانکردنی خاکی کوردستان لە چەکی وەک تۆپ، کاتیوشا، خومپارە و ڕاکێت کەڵکی وەرگرتووە".

"کاوە بەرهرامی" هەروەها زیادی کردووە، تۆپبارانکردنی سپای پاسداران بۆ سەر مەقەڕەکانی ئەوان خەساری گیانیی نەبووە و پێشمەرگەکانی کوردستان هەموو تەندروستن.

بە وتەی ئەو بەرپرسە نیزامییە، سپای پاسداران لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەوڵی گواستنەوەی بەربڵاوی چەکوچۆڵی قورس و پێشکەوتووی لەگەڵ هێزی زۆر بۆ ناوچە سنوورییەکانی کوردستان داوە.