کاناڵی سەرسنوور گیانی کۆلبەرێکی کوردی ستاند

13:17 - 21 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی بەهۆی کەوتنە ناو کاناڵی سەرسنوور گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"یەحیا فەقیهی\" کوڕی کاکابرا کە لەسەر سنووری شێخ سەڵە سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، بەهۆی هەڵدێربوونی ناوچەکەوە، کەوتۆتە ناو کاناڵی سەرسنوور و لە ئەنجامدا گیان لەدەست دانی ناوبراوی لێکەوتۆتەوە.

دەگوترێت کە تەرمی یەحیا فەقیهی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری جوانڕۆ کراوە و هەتا ئێستا رادەستی کەسوکاری ناوبراو نەکراوەتەوە.

هەروەها مانگی خەزەڵوەری ساڵی رابردوو، رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر کۆڵبەرێکی دیکە خەڵکی سەلاسی باوەجانی بەناوی \"ئیسماعیل محەممەدی\" تەمەن ٢٤ ساڵ لە هەمان شوێن و بەهۆی کەوتنە ناو کاناڵی سەر سنوور گیانی لەدەست دا.

هاوولاتییانی کوردی دانیشتووی ناوچە سنوورییەکان، بەهۆی بێ‌دەرەتانی و نەبوونی هەلی کار، بەناچاری روو لە کۆڵبەری کردنی سەر سنوورەکان دەکەن و حکوومەتی ئیسلامی ئێرانیش بەمەبەستی پێشگیری لە هاتووچۆی ئەو هاووڵاتییانە نەتەنیا بە درێژایی سنوورەکانی کوردستان کاناڵی هەڵکەندووە، بەڵکوو بڕیاری تەقەی راستەوخۆی لە ئەو کۆڵبەرانە دەرکردووە و ساڵانە دەیان کۆڵبەری کورد بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەکوژرێن.