کامێران؛ چوار هاووڵاتی بەهۆی ناڕازیەتی بە لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی بە زیندان مەحکووم کران
مامۆستا "محەممەدمیرزا ڕەحمانی" کوڕی دەرویش محەممەدئەمین تەمەن ٤٨ ساڵ، "سیروان قوربانی" کوڕی مەحموود تەمەن ٣٨ ساڵ، "بورهان کەمانگەر" کوڕی عەلی تەمەن ٣٣ ساڵ و "حیشمەت (ئامانج) قوربانی" کوڕی ئەحمەد تەمەن ٣٧ ساڵ، چوار هاووڵاتیی ناڕازی بەنیسبەت لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی، لەلایەن لقی ١٠١ دادگای کەیفەریی ٢ی شاری کامێران، هەر کامەیان بە ٩١ ڕۆژ زیندانی بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەریی پێشوویان، مەحکووم کران.
دادگا ئەو چوار هاووڵاتییە "کامێرانـ"ـییەی بە "پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار و ئەو حوکمەش ڕۆژی شەممە ٢٧ی خاکەلێوە، بەو چوار هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.
لقی ١٠١ دادگای کەیفەریی ٢ی کامێران حوکمی داسەپاوی دژی ئەو چوار هاووڵاتییە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپساردووە.
ئەو بڕیارە دژی ئەو چوار هاووڵاتییە بە ئامادەبوونی خۆیان بووە و دەتوانن ناڕەزایەتی بە حوکمی دادگا دەرببڕن.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٠، حەیدەر قوربانی زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری کامێران بە بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی و پارێزەرەکەی لە زیندانی سنە لە سێدارە درا.
ئەو چوار هاووڵاتییە پاش لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی بەهۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی ئەو زیندانییە سیاسییە و ناڕەزایەتی به لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و پاش نزیک بە ٣ حەوتوو لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانەکانی سنە و کامێران ئازاد کرابوو.
وێنە: مامۆستا محەممەدمیرزا ڕەحمانی، حیشمەت (ئامانج) قوربانی، سیروان قوربانی و بورهان کەمانگەر