کامێران؛ هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

10:28 - 7 بەفرانبار 2721

ڕۆژی دووشەممە ٦ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کیانووش ڕەحمانی"، کوڕی "میرزا ڕەحمانی" و خەڵکی گوندی "لۆن سادات" سەر بە کامێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای کامێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانبار بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی کیانووش هێرشیان کردبووەوە سەر بنەماڵەی ناوبراو لە گوندی "لۆن سادات"، بەڵام نەیانتوانیبوو دەسبەسەری بکەن و هەروەها ئەو هێزانەی سەر بە ئیتلاعاتی سپا وێڕای پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە بێڕێزییان بە بنەماڵەی کردبوو".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییەیان بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی "حەیدەر قوربانی" لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی دەسبەسەر کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز، "حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی کامێران بە شێوەی نهێنی لە زیندانی ناوەندیی سنە لە سێدارە درا.