١٥ کامیۆن یارمەتیی مرۆیی خەڵکی مەهاباد، رەوانەی هەرێمی کوردستان کرا+وێنە

16:12 - 17 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: یارمەتییە مرۆییەکانی خەڵکی شاری مەهابادو گوندەکانی دەوروبەری بۆ ئاوارە و لێقەوماوانی کوردانی ئیزەدیی شنگال، رەوانەی هەرێمی کوردستان کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی خەرمانان، ئەو یارمەتییە مرۆییانەی کە لەلایەن کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئاوارەبووانی شنگال لە مەهاباد کۆ کرابوویەوە، بە ١٥ کامیۆنی بارهەڵگر بۆ هەرێمی کوردستان گوازرانەوە.

بڕی یارمەتییەکانی خەڵکی شاری مەهاباد بۆ لێقەوماوانی شنگال، حەوت ملیارد و ٢٠٠ ملوێن ریاڵ بووە، کە کەلووپەلەکانی وەکوو پەتوو، دۆشەکە، جلوبەرگ، برنج، رۆن، شیری وشک و ئاوی خواردنەوەی لەخۆ گرتبوو.

بە گوتەی بەڕێوەبەرانی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئاوارەبووانی شنگال لە مەهاباد، یارمەتییەکان لە خاڵی سنووریی کێلێی شاری سەردەشتەوە و بە ١٥ کامیۆنی بارهەڵگر بەرەو شاری قەڵادزێی هەرێمی کوردستان رەوانە کراوە.

سەرجەمی ئەو یارمەتییانە لە ماوەی ٥ رۆژ چالاکیی ئەو کەمپەینەدا لە شاری مەهاباد و گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە کۆکراوەتەوەو لە ماوەی دوو رۆژدا بەستەبەندی و باری کامیۆن کراون.

بەرپرسی شۆرای شاری مەهاباد رایگەیاندووە، \"لەم چالاکییە مرۆڤدۆستانەیەدا زیاتر لە ١ ملیارد و ٧٠٠ ملوێن ریاڵ پارەی نەخت کۆکراوەتەوە، کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەلوپەلی پێویستی لێقەوماوانیان پێ کڕیوەو رەوانەی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

چەند رۆژ پێش ئێستاش، کەمپەینی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی شنگال لە شاری سنە، ١٥ کامیۆن یارمەتیی خەڵکی ئوستانی کوردستانیان لە خاڵی سنووریی باشماخەوە بۆ ئاوارەکانی شنگال لە هەرێمی کوردستان ناردبوو.
\"21952.jpg\"

\"21953.jpg\"

\"21954.jpg\"

\"21955.jpg\"

\"21956.jpg\"

\"21957.jpg\"

\"21958.jpg\"

\"21959.jpg\"