کامیل ئەحمەدی لە بوونی \"پارێزەر \"بێبەرییە

16:12 - 27 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: لێکۆڵەرێکی کورد لە \"دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر\" بێبەری کراوە.

کامیل ئەحمەدی\"، نووسەر و لێکۆڵەری زانستە کۆمەڵایەتییەکان، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ هاوژینەکەی، داخوازی گرتنی پارێزەری کردووە.

شەفەق ڕەحمانی، هاوژینی ئەو لێکۆڵەرە کوردە لەو پەیوەندییەدا بە \"ئێران پڵاس\"ی ڕاگەیاندووە: \"لەو پرۆسەیەدا کە کامیل دەسبەسەرکراوە، پارێزەرەکان ناتوانن بە هیچ شێوازێک ئێمکانی دەستپێڕاگەیشتن و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ناوبراو هەبێت و بیبینن، بەداخەوە پارێزەرەکان لە لایەن خودی ناوەندەکانی حکوومەتەوە دیاری دەکرێن و لەو باوەڕەدام کە ئەوانیش ناتوانن هیچ کاریگەریەکی ئەرێنیان لە سەر ئەو ڕەوتە هەبێت\".

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی گەلاوێژ، شەفەق ڕەحمانی، هاوژینی \"کامیل ئەحمەدی\"، نووسەر و لێکۆڵەری زانستە کۆمەڵایەتییەکان باسی لە دەسبەسەر کردنی هاوژینەکەی کرد.

تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی ئەو لێکۆڵەرە کوردە، ڕانەگەیاندراوە و ڕوون نییە کام یەک لە ناوەندە حکوومەتییەکان ناوبراویان دەسبەسەر کردبێت.

کامیل ئەحمەدی، ساڵی ڕابردوو، خەڵاتی بونیادی ئاشتیی ژنان لە بەشی وێژە و زانستە مرۆییەکانی زانکۆی جۆرج واشینگتۆنی بە دەست هێنا.

ناوبراو بەهۆی نووسینە زانستییەکان و چالاکییەکانی لە بیاڤی خەسارە کۆمەڵایەتییەکاندا و بە جەختکردنەوە لە سەر \" جنسییەت\"، \"منداڵان\" و \"کەمینەکان\"، لەزانکۆی جۆرج واشینگتۆن خەڵاتی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

ئەم لێکۆڵەرە کوردە سەبارەت بە بابەتە فەرهەنگی- ناوچەییەکان، منداڵان و ژنان و مافی کەمینەکان خەریکی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیە و لەم ساڵانەی دواییدا پرۆژەگەلێکی لە بوارگەلی فەرهەنگی منداڵان و ژنان، جنسییەت و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و ناوچەکەدا ئەنجام داوە.

لێکۆڵینەوەکانی کامیل ئەحمەدی سەبارەت بە خەتەنەی ژنان (FGM/C)، هاوسەرگیری منداڵان(ECM)، هاوسەرگیریی کاتی/سیغە و هاوسەرگیری سپی لە ئێراندا ئەنجام دراون.