کامیاران/ کوڕێک دوای کوشتنی خوشکەکەی کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

14:00 - 24 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لەناوچەی \"ناودەروەن\"‌ی کامیاران کچێک بەدەستی براکەی خۆی کوژرا و دواتریش بکووژەکە بە چەک خۆی کوشتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٢‌ی خاکەلێوە کەسێک بەناوی مەیسەم عەزیزی خەڵکی ئاوایی کانی هەنگ لە ناوچەی \"ناودەروەن\"‌ی کامیاران خوشکەکەی خۆی بەناوی لەیلا عەزیزی کوشتووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو خوشک و برایە بە مەبەستی سەیران چوونەتە یەکێک لەچیاکانی دەورووبەری ئاوایی کانی هەنگ و لەوێ‌\"لەیلا\" بە براکەی وتووە کە دەیهەوێ‌ژیانی هاوبەش پێک بێنێت و مەیسەم عەزیزی دوای بیستنی ئەو قسەیە بە چەکی راو (تاپڕ) کوشتوویەتی.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، مەیسەم دوای کوشتنی خوشکەکەی هەر بەو چەکە تەقەی لەخۆی کردووە و کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

کەسێکی ئاگادار لەدۆخی ئەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، مەیسەم عەزیزی کێشەی دەروونی هەبووە و خوشکەکەی بە بەردەوامی ئاگای لەدۆخی براکەی بووەو ئەو پارەیەی کە لەکار کردن بەدەستی دەهێنا لە پێداویستییەکانەی براکەی خەرجی دەکرد.

لەیلا عەزیزی لەیەکێک لەباخچەی ساوایان( مهد کودک)‌ـەکانی ناوچەی \"ناودەروەن\"‌ی کامیاران سەرقاڵی کار کردن بوو.

ئەو هاووڵاتییە روونیشی کردووە، لەیلا پێشتریش بۆ چەندین جار داواکاری هەبووە، بەڵام بە حوکمی کێشەی براکەی نەویستبوو ژیانی هاوبەش پێک بێنێت.