"کامران ساختمانگەر" بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

10:27 - 19 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، چالاکێکی کرێکاریی بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، "کامران ساختمانگەر" چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە پێنج ساڵ زیندانی و هەرروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی مەحکووم کرا.

بەپێی ماددەی کۆکردنەوەی حوکمەکانی یاسای سزای ئیسلامی، ٥ ساڵ لە حوکمی ئەم چالاکە کرێکارییە جێبەجێ دەکرێت.

ئەو چالاکە کرێکارییە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی خەرمانانی ئەمساڵ، لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی لەمەڕ پشتیوانی لە مافی کرێکاران، لە باخی کەسیی سەید "عەلی حوسێنی"، چالاکێکی دیکەی کرێکاری، لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری سەقز دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی سەرماوەز، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە گرتووخانەی سنە ئازاد کراوە.