کامران تەکووک بە دوو ساڵ و چوار مانگ زیندان مەحکووم کرا

10:38 - 3 رەشەمه 2721

کامران تەکووک شاعیر و چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری کرماشان، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە دوو ساڵ و چوار مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی "بێڕێزی  بە ڕێبەری نیزام" بە ١٦ مانگ زیندانی تەعزیزی مەحکووم کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندان سەردانی دادگای ئینقلابی کرماشانی کردبوو و ئەو دادگایە حوکمەکەی پێ ڕاگەیاندبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بەفرانبار، "کامران تەکووک" پاش بانگهێشتکرانی بۆ ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای کرماشان دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە ڕاگوێزرابوو.

کامران تەکووک پاش ٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، ڕۆژی ٢٥ی بەفرانبار بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان هەتا کاتی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.