کاسبکارێکی کورد کوژرا

15:51 - 23 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەر، کاسبکارێکی کورد بە ناوی "کامران بەیانەک" کوڕی "مستەفا" تەمەن ٢٦ ساڵە، خەڵکی شاری پیرانشار لە سنووری حاجی عۆمران لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە تەقەی لێکراوە و گیانی لە دەست داوە.

ئەو کاسبکارە کورد بێ ئاگادرکردنەوەی پێشوو لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەت جێگیر لە پاسگای "بەنگین خان" لە کێوی هەڵگورد تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

ئەو کاسبکارە پیرانشارییە بە هۆی قووڵیی برینەکەیەوە گیانی لە دەست داوە و تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی شاری چۆمان لە هەرێمی کوردستان گواستراوەتەوە.

تەرمی ئەو کاسبکارە بۆ پشکنینی زیاتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی هەولێر کراوە.