کاسبکارێکی کورد لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا

16:55 - 2 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: ماشینی کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ، لە ئەنجامی ڕاودوونانی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەت وەرگەڕا و ناوبراو گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ١ی خەزەڵوەر، ماشینی کاسبکارێکی کورد بە ناوی "نامدار ساڵحزادە"، کوڕی حاجی "ئەمیر"، خەڵکی جوانڕۆ، لە کاتی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکان وەرگەڕا.

لەو ڕووداوەدا، ئەو کاسبکارە کوردە دەسبەجێ گیانی لەدەست دا و تەرمی ناوبراو پاش تەواوکردنی قۆناغی پزیشکی یاسایی، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ، دەستیان بە ڕاودوونانی ماشینی ئەو کاسبکارە کوردە کردووە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ماشینی ناوبراو تەنیا باری "کشمیشـ"ـی پێ بووە.

هێزە نیزامییەکان بە هەڵڕشتنی بزمار لەسەر جادە، بوونەتە هۆی وەرگەڕانی ماشین و گیانلەدەستدانی ئەو کاسبکارە کوردە.