کاسبکارێکی کورد لە ڕووباری \"گادەر\"دا خنکا

15:08 - 25 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ لە ڕووباری گادەردا خنکا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی بانەمەڕ، کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"ئارام زەردە شوانە\"، کوڕی واحید، خەڵکی گوندی \"گوندەوێڵە\"ی شاری شنۆ، لە ڕووباری گاداردا خنکا.

\"\"ئەم کاسبکارە تەمەن ١٧ ساڵە، لە نزیک پردی \"ئایشەخان\"، بە سواریی ئەسپەکەی ویستوویەتی لە ڕووباری گادەر بپەڕێتەوە کە بە هۆی زۆریی ئاوی ئەو ڕووبارە، دەکەوێتە نێو ئاوەکە و دەخنکێت.

تەرمی ئەو کاسبکارە کوردە، لە لایەن تیمی مانگی سوور و خەڵکی ئەو ناوچەیە دۆزرایەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەدەشت کرا.

لە لایەکی دیکەوە، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی \"حاجی کەندی\"ی بەخشی باروقی شاری میاندووئاو، کە بە مەبەستی کۆکردنەوەی گیای بەهاری ڕوویان لە شاخەکانی ئەو ناوچەی کردبوو، بە مردوویی دۆزرانەوە.

دەوترێت ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، باوک و کوڕ بوون و شوناسیان و هۆکاری گیان لەدەستدانیان بە ناڕوونی ماوەتەوە.