کاسبکارێکی کورد لە شاری شنۆدا دەسبەسەر کرا

14:58 - 22 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری شنۆدا، کاسبکارێکی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی بانەمەڕ، هێزەکانی سپای پاسداران، ماشینی کاسبکارێکی کوردیان بە ناوی \"ڕێبوار تایی\"، خەڵکی شاری شنۆ، لەسەر پردی \"پووشئاوێ\" ڕاگرت و دواتر ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپای پاسداران، ماشینی ئەم کاسبکارە کوردەیان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ ڕاگرتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەم کاسبکارە کوردە، لە کاتی دەسبەسەر کردنیدا، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە ئازار و ئەشکەنجە کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووسی ئەم کاسبکارە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.