کاسبکارێکی کورد بەهۆی وەرگەڕانی ماشینەکەی، بەسەختی بریندار بوو

17:49 - 5 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کوردی خەڵکی  گوندی "مەنسوور ئاقاییـ"ـی شاری شاهۆ، بەهۆی وەرگەڕانی ماشینەکەی، بەسەختی بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٤:٣٠ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٥ی خەزەڵوەر، کاسبکارێکی کورد بە ناوی "محەممەد میسری"، خەڵکی گوندی "مەنسوور ئاقایی"، بەهۆی وەرگەڕانی ماشینەکەی لە جادەی "دزئاوەر"، بەسەختی بریندار بوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو کاسبکارە کوردە، لە ترسی تەقەی هەنگی سنووری، تووشی ئەو ڕووداوە بووە و هەنووکە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری کرماشان کراوە".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کاسبکارە کوردە، لەو ڕووداوەدا، سەری بەسەختی بریندار بووە.