کاسبکارێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی گیانی لەدەست دا

16:31 - 18 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: دوو کاسبکاری کورد لە شارەکانی سەقز و سەردەشت بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەشەمە، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری سەقز تەقەی ڕاستەوخۆیان لە کاسبکاران کردووە و لە ئاکامدا یەکێک لەو کاسبکارانە گیانی لەدەست داوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز ڕایگەیاندووە کە؛ \"ئەم کاسبکارانە لە نزیکی گوندی \"ئایچی\" کەوتوونەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت\".

هەواڵنێری کوردپا لە دڕێژەدا ڕایگەیاند؛ \"لە ئاکامی ئەم تەقە کردنەدا، کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"کەماڵ\" تەمەن ٣١ساڵ و خەڵکی شاری بانە، بە تووندی بریندار بووە و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، ڕۆژی سێ‌شەمە ١٧ی ڕەشەمە گیانی لەدەست داوە\".

دەوتڕێت کە؛ هێزەکانی حکوومەت بە هۆی گومانیان لە هەڵگرتنی کەلوپەڵی قاچاخ تەقەیان لەم کاسبکارانە کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی هەواڵە گەیشتووەکان بە ئاژانسی کوردپا، ڕۆژی دووشەمە ١٦ی ڕەشەمە، کاسبکارێکی دیکەی کورد لە شاری سەردەشت کەوتووەتە بە هێرشی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت.

ئەم کاسبکارە کوردە لە گوندی \"بێتوش\" سەر بە ناوچەی ئالانی شاری سەردەشت لە ڕەوتی ئەو تەقە کردنەدا بە تووندی بریندار بووە.

شوناسی ئەم کاسبکارە کوردە \"شاباز محەممەد پەناهی\" تەمەن ٢٠ساڵ و کوردی جەعفەر، خەڵکی گوندی \"ماراغانی\" سەر بە ناوچەی سەردەشت ڕاگەیەندراوە.

ئەم کاسبکارە کوردە لە لایەن خەڵکەوە بۆ چارەسەری پزشکی بۆ نەخۆشخانەی سەردەشت گوازراوەتەوە.