کاسبکارێکی کورد بە تەقەی هەنگی سنووری پیرانشار کوژرا

13:26 - 21 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ڕەوتی کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار بە تەقەی هەنگی سنووری کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ٢٠ لە سەر ٢١ رەزبەر، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هەنگی سنووری، کاسبکارێکی کورد خەڵکی پەسوێی شاری پیرانشار کوژرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار شوناسی ئەو کاسبکارە کوردەی بە ناوی\"کامیل مەحموودی\" تەمەن ٣٠ ساڵ ڕاگەیاند.

\"\"بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کاسبکارە کوردە خیزاندار و باوکی کچێکی کەم تەمەنە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو کە تەرمی کامیل مەحموودیان کەوتووەتە بەر دەستی هەنگی سنووری و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەی نەکراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی گەڕانەوە بۆ شاری پیرانشار لە لایەن هەنگی سنوورییەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

پێشتر محەمەد ساڵح نیکبەخت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا باسی لەوە کردبوو، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، تێکڕای حاڵەتی کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد، لەلایەن ناوەندە قەزاییەکانەوە بە شێوەئەنقەست (شبە عمد) و غەیرە ئەنقەست (غیر عمد) لە قەڵەم دراون، بۆیە هیچکام لە بکوژانی کۆڵبەران بەرەوڕووی سزا نەبوونەتەوە.