کاسبکارێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری پیرانشار گیانی لە دەست دا

15:21 - 12 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێكی کورد خەڵکی شاری پیرانشار، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران دەستبەجێ گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١١ی بانەمەڕ، کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"تاهیر حیکمەتی\" خەڵکی شاری پیرانشار، بە تەقی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لە دەست دا.

ئەو کاسبکارە کوردە، کە خاوەنی چوار منداڵە لە کوێستانەکانی \"قەندیل\" لە سنووری شاری پیرانشار، کرایە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زۆربەی کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە کوردستان گیانیان لە دەست داوە.

ناوەندەکانی حکوومەتی لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەژێر ناوی \"قاچاخچی شتومەک\" هەڵسوکەوت دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتووانی کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنییەتی بۆ ئەو ناوچانە لە لایەن حکوومەتەوە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پەیوەندییەدا، زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕێگایەدا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.