کاسبکارێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری شنۆ گیانی لەدەست دا

10:42 - 24 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شنۆ، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت ئێران، لە سنووری ئەو شارەدا گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٢٣ی سەرماوەز، کاسبکارێکی کورد بە ناوی "عەزیز مەعرووفی" کوڕی "حوسێن" و خەڵکی گوندی "بێمزوورتێ"، سەر بە شاری شنۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حكوومەت لە سنووری ئەو شارەدا بوو بە قوربانی.

هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەو کاسبکارە کوردە کردووە و ئەمە بووە بە هۆی گیانلەدەستدانی "عەزیز مەعرووفی".

تەرمی ئەو کاسبکارە کوردە لەلایەن دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بۆ شوێنی لەدایکبوونی ڕاگوێزراوە.