کاسبکارێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان حکوومەت لە سنووری چاڵدێران گیانی لەدەست دا

11:13 - 19 جۆزەردان 2720

ڕۆژی شەممە ١٧ی جۆزەردان، کاسبکارێکی کورد بە ناوی "فەرهاد کچانلوو" تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "شێخ عەسکەر" سەر بە چاڵدێران، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت کوژرا.

ئەو کاسبکارە کوردە لە سنووری چاڵدێران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لەلایەن هێزەکانی جێگر لە پایگای سنووریی "شێخ عەسکەر"، تەقەی لێکراوە.

"فەرهاد کچانلوو" بەهۆی بەرکەوتنی گوللـە تووشی برینی قورس بووە و پاش کاتژمێرێک خوێنڕێژی گیانی لەدەست داوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردان، چوار کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "هاوبیر ئیبراهیمی، عوسمان ساڵحی، ئەرسەلان عەبدوڵڵاهی و ئیبراهیم ڕەسووڵی" بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری سەردەشت پێکران.

ئەو  چوار کۆڵبەرە کوردە لە ناوچەی "کانی دینارانـ"ـی سەردەشت کراونەتە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت.