کاسبکارێک بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار کرا

15:14 - 7 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی جۆزەردان، کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"ناسر ئەوەلیان\"، تەمەن ٥٥ ساڵ، خەڵکی گوندی \"میانە \" و دانیشتووی شاری مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بریندار کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کاسبکارە کوردە، پاش ئەو ڕووداوە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری مەریوان کراوە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"پاش ئەم ڕووداوە، کاسبکاران لەگەڵ هێزەکانی هەنگی سنووری تووشی شەڕ بوون.\"

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، دوو کاسبکاری کورد، بە ناوەکانی \"مەلا نەجمە ئەسفەناک\"، خەڵکی گوندی \"سۆفیان\" و \"عەبدولقادر جەسووری\"، خەڵکی گوندی \"نەڵۆس\"ی شاری شنۆ، لە لایەن پایەگاکانی حکوومەتەوە تەقەیان لێکراوە و بریندار بوون.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بە تایبەت سپای پاسداران، زۆرجار هاووڵاتییانی کورد لە سنووری کوردستان بە بیانووی کۆڵبەری دەکەنە ئامانج و هەروەها بە داخستنی سنوورەکان ساڵانە بە سەدان میلیۆن خەسارەت لە کاسبکاران و بازارییانی شارە سنوورییەکان دەدەن.