کارەساتی ژینگەیی لە باخچەی ئاژەڵانی ورمێ و سیرکی شاری سنە+وێنە

22:19 - 10 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: ئاژەڵە جۆراوجۆرەکانی ژینگەی ئاژەڵانی ورمێ، سەرەڕای هۆشدارییە تەندروستییەکان، لەگەڵ برسیەتی و ئازار بەرەوڕوو بوونەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، باخچەی ئاژەڵانی ورمێ لەڕووی چاوەدێری و پارێزگاری کردن لە ئاژەڵەکان بەرەوڕووی دۆخێکی کارەساتبار بۆتەوەو تەنیا بەناو باخچەی ئاژەڵانە.

برسیەتی، بۆگەن، نەبونوی پاک و خاوێنی و شوێنی ناستاندارد وەکوو کارەساتێکی ژینگەیی لە باخچەی ئاژەڵانی ورمێ لە قەڵەم ئەدرێت.

یەکێک لەو کەسانەی کە سەردانی باخچەی ئاژەڵانی ورمێی کردبوو، لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی ئیرنا وێرای ئاماژە کردن بە برسیەتیی ئاژەڵەکان رایگەیاندبوو: باڵندەکان ئێگجار کز بوون و ئەگەریش چاو لە قەفەسەکانیان بکەین، بۆمان دەردەکەوێ، هیچ پێڕاگەیشتنێک بۆ ئەو باڵندانە لە ئارادا نییە و گرینگیش بە دۆخی تەندروستییان نادرێت.

بەوتەی چالاکانی مافی ئاژەڵان، ئەگەر ئەم کارەساتە لە وڵاتێکی دیکە بەسەر ئاژەڵ و باڵندەی باخچەی ئاژەڵاندا بهاتایە، وەکوو قاچاخی ئاژەڵان لە قەڵەم ئەدرا و هەڵسووکەوتی توندی یاساییان لەگەڵدا دەکرا.

بارودۆخی باخچەی ئاژەڵان لە کاتێکدا نیگەرانیی هاووڵاتییانی کوردی لێکەوتۆتەوە، کە تەنیا سێ کەس لەو باخچە ئاژەڵییەدا، کە رووبەرەکەی چەندین هێکتارە، کار دەکەن، ئەو سێ کەسەش لە ژنێکی درگاوان کە پارەی چوونە ژوورەوە وەر دەگرێت و پیاوێک، کە ئاودێریی و کاری خاوێن کردنەوە دەکات و بەرپرسێک کە چاوەدێریی باخچەکە دەکات، پێک دێت.

باخچەی ئاژەڵانی ورمێ هەتا ئیستا چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ژینگەپاریزیی ئوستانەوە لەمەڕ لەبەر چاونەگرتنی مەرجە تەندروستییەکان، هۆشداری پیدراوە و هەموو جاریک بە نێوبژیوانیی یەکێک لە بەرپرسانی شاری ورمێ رێگری لە داخرانی دەکرێت.

ساڵی رابردووش، کەڵە کێوییەکی باخچەی ئاژەڵانی \"دورنا\"ی ورمێ پاش ئەوەی لەو باخچەیە هەڵاتبوو، لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا، کە ئاماژەیە بە نەبوونی بەڕێوەبەرییەکی دروست لەو باخچەیە.

دەگوترێت، زیاتر لە ٧٠٠ باخچەی ئاژەڵی و شوێنی راگرتن و بەخێوکردنی ناستانداردی ئاژەلان لە وڵاتی ئێراندا بوونی هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، سیرکی ئاژەڵان لە شاری سنە، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی چالاکانی مافی ئاژەڵانی بەدواوە بووە.

ئەو سیرکە، کە لە ٢٧ی بانەمەڕەوە هەتا ٣١ی جۆزەردان لە ئیدارەی ژینگەپاریزیی ئوستانی کوردستان مۆڵەتی چالاکیی پیدرابوو، ٤٠ جۆر ئاژەڵ و باڵندەی بە یەخسیر گرتووەو تەنیا بەشیکی کەم لەو ئاژەڵانە بۆ نمایش کردن بەکار دێنێت.

بەگوتەی بەرپرسی ئەو سیرکە، نمایش کردنی سیرکەکە، لەلایەن هاووڵاتییانەوە پێشوازییەکی ئەوتۆی لێنەکراوەو سەرەڕای ئەوەی ٤ ملیۆن تمەن تێچووی بۆ سەرف دەکرێت، بەڵام هەر شەوەی ٤٠٠ هەتا ٥٠٠ بلیتی لێ دەفرۆشرێت.

ناوەڕاست مانگی بانەمەڕی ئەمساڵیش، باخچەیەکی ئاژەڵی، لە شاری بابولسەر، لەژێر ناوی \"ئازار و ئەشکەنجەی لەڕادەبەدەری ئاژەڵە جۆراوجۆرەکان\" بەرەوڕووی داخران ببوویەوە.
\"20241.jpg\"

\"20242.jpg\"

\"20243.jpg\"

\"20244.jpg\"

\"20245.jpg\"

\"20246.jpg\"

\"20247.jpg\"

\"20248.jpg\"

\"20249.jpg\"

\"20240.jpg\"