کارەباگرتوویی گیانی کرێکارێکی کامێرانی ئەستاند

11:01 - 5 رەشەمه 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەشەمە، کرێکارێک بە ناوی "ئومید ڕەحمانی" کوڕی ناسر، خەڵکی گوندی "لۆن" سەر بە شاری کامێران، لە کاتی کارکردن تووشی تەزووی کارەبا بوو و گیانی لەدەست دا.

ئەو کرێکارە لاوە، لە بیناییەکی چەند نهۆمی خەریکی کارکردن بووە کە بەهۆی تەزووی کارەبا لە بەرزایی بەرببووە و گیانی لەدەست داوە.

ئومید ڕەحمانی تەمەنی ٢٢ ساڵەیە و پاش بەربوونەوە دەسبەجێ گیانی لەدەست دەدا.

لەو پەیوەندییەدا،لە ڕێکەوتی ٣٠ ڕێبەندان کرێکارێکی کورد بە ناوی "پەیمان حەیرانی" تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری ڕوانسەر لە شوێنی کارەکەی گیانی لەدەست دا.

ئێران بە هۆی لە بەرچاونەگرتنی ئوسووڵی ئیمەنیی کار لە نێوان وڵاتانی جیهاندا، پلەی ١٠٢ی هەیە. لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووداوی کار لە ئێران کە تا ئێستا تاوتوێ کراوە، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی چاوەدێریی کار لە کارگەکان و یەکەکانی بەرهەمهێنان و هەروەها نەبوونی گەرەنتی.