کارەباگرتوویی، گیان لەدەستدانی فەرمانبەرێکی لێکەوتەوە

14:07 - 3 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە فەرمانبەرانی ئیدارەی کارەبای شاری نۆدشە، بە هۆی تەزووی کارەباوە، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی پووشپەڕ، فەرمانبەرێکی کوردی خەڵکی شاری نۆدشە، بە هۆی کارەباگرتوویی لە کاتی کارکردندا، گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو فەرمانبەرە کوردە بە ناوی \"بێهنام شەریفیان\"، تەمەن ٣٣ ساڵ، کوڕی محەممەدعەزیز، ڕاگەیەندراوە.

ئەم فەرمانبەرە کوردە، بە هۆی تەزووی کارەبا دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە. هەروەها ناوبراو خێزاندار بووە.

شاری نۆدشە، لە خاڵی سیفری سنووری ئێران و عێراقدا هەڵکەوتووە و ١٥٠ کیلۆمێتر لە پارێزگای کرماشان دوورە و سەر بە شاری پاوەیە.

ئێران بە هۆی لە بەرچاونەگرتنی ئوسووڵی ئیمەنیی کار لە نێوان وڵاتانی جیهاندا، پلەی ١٠٢ی هەیە. لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووداوی کار لە ئێران کە تا ئێستا تاوتوێ کراوە، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی چاوەدێریی کار لە کارگەکان و یەکەکانی بەرهەمهێنان و هەروەها نەبوونی گەرەنتی.