١٦کارگەی بەرهەمهێنان لە پارێزگای کوردستان بەرەو ڕووی داخران بوونەتەوە

19:30 - 19 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: زۆربەی کارخانە و کەرتەکانی بەرهەمهێنان لە پارێزگای کوردستان بەهۆی کەمیی بۆدجە، و نەبوونی سەرمایە لە کەرتی تایبەت و هەڵاوسانی ئابوورییەوە داخراون.

دوابەدوای بەڵێنیی بەرپرسێکی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ چارەسەر کردنی قەیرانی بێکاری و دامەزراندنی ٢٠ هەزار کەس لە بێکارانی پارێزگای کوردستان، زۆربەی کارگە و کەرتەەکانی بەرهەم هێنان بەرەوڕووی داخران بوونەتەوە.

عەباسعەلی سەفەری\" چالاکی کرێکاریی پارێزگای کوردستان بە هەواڵدەریی کاری ئێرانی راگەیاندووە، لە ئستادا ١٦ یەکەی بەرهەمهێنانی پارێزگای کوردستان بەبیانووی جۆراوجۆری وەک کەمیی بۆدجە و مادەی خاو، نەدانی مووچەی کرێکاران لەبەرەبەری داخران دان.

ئەو چالاکە کرێکارییە ئاماژەی بەوەدا، هەنووکە کارخانەکانی رستن و چنین، شاهۆ، خشت سازی، گەچی کوردستان تووشی قەیرانی ئابووری بوون و لە داخران نزیک بوونەتەوە.

سەفەری راشیگەیاند: بەرپرسانی حکومەتی بە دەیان جار بەڵینی چارەسەر کردنی کێشەی بێکارییان بە هاووڵاتیان داوە بەلام هەتا ئێستا ئەو بەڵێنییانە نەچوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەهۆی كاریگەریی گەمارۆكان لە ئێران زۆر كارگە و ناوەندی بەرهەمهێنان داخران و رووبەڕووی گرفتی ئابووری بوونەتەوە، ئەم قەیرانە ناوچە كوردنشینەكانی ئێرانیشی گرتۆتەوە.