کارکردی \"نابەرپرسانە\"ی بەرپرسی ئیدارەی پەروەردەی سەقز، ناڕەزایەتیی مامۆستایانی سەقزی لێکەوتەوە

14:29 - 14 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە مامۆستای قوتابخانەکانی شاری سەقز، لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ناڕەزایەتییان بە کارکرد و هەڵسووکەوتی بەریرسی ئیدارەی پەروەردەو بارهێنانی شاری سەقز دەربڕیوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیاتر لە ١٣٠ کەس لە مامۆستای قوتابخانەکانی شاری سەقز، باسیان لەدەیان کێشەو گرفت لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی شاری سەقزدا کردووە، کە \"بەهۆی کارکرد و بڕیاری هەڵەی بەرپرسی ئیدارەی پەروەردەی شاری سەقزەوە هاتوونەتە ئاراوە\".

\"22462.jpg\"
موزەفەر رۆستەمی، بە بێ‌پلانی، پێکهێنانی کەشی ئەمنیەتی و بێ متمانەیی لە نێو مامۆستاکانی شاری سەقزدا تۆمەتبار کراوە
مامۆستایانی ناڕازیی شاری سەقز لەو نامەیەدا بە خستنەڕووی کۆمەڵێک کێشە، داوایان لە وەزیری پەروەردە کردووە، بە مەبەستی گۆڕانکاری و باشترکردنی بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی پەروەردەی شاری سەقز، بڕیاری بەپەلە بدات.

ئەو مامۆستا ناڕازییانەی شاری سەقز، دەڵێن؛ بەرپرسی ئیدارە و پەروەردەی شاری سەقز سەبارەت بە سزادانی ئەو کەسانەی کە گەندەڵیی ئیداری و ئەخلاقی و ماڵییان ئەنجام داوە، ئەو پەڕی کەمتەرخەمی نواندووە و تەنانەت ئەو کەسانەش بۆ پۆستی گرینگ لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێناندا دیاری کردووە.

لە بەشێکی دیکەی نامەی مامۆستا ناڕازییەکاندا هاتووە، موزەفەر رۆستەمی دۆخی پەروەردەی لە شاری سەقزدا ئەمنیەتی کردووەو دۆخێکی ترس و بێ متمانەیی لە نێو مامۆستاکاندا دروست کردووەو لەگەڵ ئەوەشدا تۆمەت وەپاڵ دان و پەروەندەسازی بۆ مامۆستایانی شاری سەقز بەشێکی دیکە لە کارەکانی ناوبراوە.

\"22463.jpg\"
موزەفەر رۆستەمی زمانی کوردیی لە قوتابخانەکانی سەقزدا یاساخ کردبوو
ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی، موزەفەر رۆستەمی لە بەخشنامەیەکدا بۆ سەرجەم قوتابخانەکانی شاری سەقز، بە فەرمی وانە وتنەوەی بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا قەدەغە کردبوو، کە ئەم بڕیارە لە هیچکام لە قوتابخانەکانی شاری سەقز بەڕێوە نەچوو.

ئەو ١٣٠ مامۆستایە باسیان لەوەش کردووە، کە بەرپرسی ئیدارەی پەروەردەی شاری سەقز، جگە لە فامیل بازی (خزم خزمێنە) لە ئیدارەی پەروەردەدا، خاوەنی هیچ پلانێکی بەڕێوەبەری نییە و بە تەواوەتی لەگەڵ شێوەی بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی پەروەردە ناتەبایەو هاوکات بە شێوەی دوو لایەنە یاسا و بڕیارە ئیدارییەکان بەڕێوە دەبات.

مامۆستایانی ناڕازیی شاری سەقز بە مەبەستی پیڕاگەیشتن و بەدواداچوونی خێرا، ئەو نامەیان بۆ وەزارەتی پەروەردە، ئوستانداری کوردستان، ئیمام جومعەی شاری سەقز و نوێنەری مەجلیسی ئیسلامی لە شارەکانی سەقز و بانە ناردووە.

شاری سەقز ٢٥٠٠ مامۆستای هەیە، کە لە ٣٠٠ قوتابخانە و خوێندنگەی ئەو شارەدا وانە بە قوتابییان دەڵێنەوە.