کارناسێکی مینهەڵگر: داهاتوویەکی ڕوون بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە کوردستان بەرچاو ناکەوێت

21:48 - 2 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کارناسێکی هەڵگرتنی مین، خەڵکی شاری ئیلام، باسی لە کۆتایی نەهاتنی هەڵگرتنەوەی مین لە کوردستان بەپێی کاتی دیاریکراو کردووە.

ئەو کارناسە ئیلامییە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"مین لە کوردستان هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییان دەکات و ئەمەش بۆ ناشارەزایی بوونی هەڵگرتنەوەی مین بە کەڵکوەرگرتن لەو ماشینانەی کە ڕێگاوبان دروست دەکەن، دەگەڕیتەوە.

ئەو کەسە، لە پەیوەندیی لەگەڵ پیشینەی چاندنی مین لە کوردستان دەڵێت: \"پاش شۆڕشی گەڵانی ئێران لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی و شەڕی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەستپێکی شەڕی ئێران و عێراق، هەروەها کردنەوەی شەڕی کلاسیک لە کوردستان، زاڵبوونی بارودۆخی شەڕ لە ناوچەکە و هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە مەبەستی بەربەرەکانیی لەگەڵ جووڵەی هێزی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی هەوڵی سازکردن و دانانی پایگای نیزامی گەورەی و چووکەی داوە و ژمارەیان بەخێرایی گەیشتە سنووری ٣ هەزار پایگا و بۆ پاراستنی پایگاکان دەورووبەری ئەو پایگایانەی مێن چێندراون\".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: لەگەڵ زۆربوونی شەڕ ئەو پایگایانەش زۆرتر بوون و بە شێوەیەک دەوروبەری زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان، پایگاکان بەباشی بەرچاو دەکەوتن، لە وەها حاڵەتەتێکدا دەورووبەری شار و گوندەکانی کوردستان بوو بە گۆڕەپانی مین\".

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت: \"مینە بەکاربراوەکان لەو شوێنانە زۆربەی مینەکانی دژە تاکەسی ژمارەی ٤، مینی دژە تاکەکەسیی \"m ١٤، مینی دژە تاکەکەسیی پڵاشەداری ١٦، هەروەها مینی دژە تاکەکەسی پڵاشەدار m ١٨ ناسراو بە مینی تەلەفزیۆنی بووە\".

بە وتەی ئەو کارناسە، \"ئەو پایگایانە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، لە لێڕەوارەکان، زەوییە کشتوکاڵییەکان، بیر و ڕووبارەکان یان لە ڕێگای هاتووچۆی خەڵکی دانراوە و کێشە و گرفتی بۆ ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی دروست کردووە و هێزی زەوینیی ئەرتەش، سپا، ژاندارمری و کۆمیتەی ئینقلابی ئیسلامی هەرکام لە بەشەکانی پایگاکانیان دروست کردووە و یەکەکانی ئەندازیاری (تخریب) ناوە ئاماژە پێکراوەکان چاندنەوەی ئەو مینانەیان لە ئەستۆ بووە.

دەقی تەواوی ئەم وتووێژە لە بەشی فارسی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپایە.