کارناسێک: کچانی ئیلامی یان لە ماڵەوە هەڵدێن یان خۆیان دەسووتێنن

15:49 - 14 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە سەرێ بوونی ئاماری خۆکوشتنی ژنان و کچان لە ئوستانی ئیلام نیگەرانی توێژەران و کارناسی کۆمەڵایەتیی لێکەوتۆتەوە.

حەیران پوور نەجەف، بەرپرسی کلینیکی مەدەدکاریی ئوستانی ئیلام بە یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی رایگەیاندووە، کچانی ئیلامی بۆ دەرباز بوون لە قەیران و کێشەکان یان لە ماڵەوە هەڵدێن یان خۆیان دەسووتێنن.

ناوبراو رشیگەیاندووە، گەڕەکە هەژارنشینەکانی \"خەیام، خاتمیە\"ی شاری ئیلام بەهۆی هەژاری، بێکاری و دەستپێڕانەگەیشتن بە شوێنە کولتوورییەکان لە ژیانێکی ستاندارد بێبەرین و هیچ هەنگاوێکش لە راستای پەرە گرتنی فەرهەنگ و کولتوور لەو شوێنانە هەڵنەگیراوە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی توێژینەوەیەک کە ئەنجام دراوە ٥٢%ی \"ژنانی ماڵدار\"ی ئیلامی لە کاتی بێکاریی خۆیاندا لە بەر دەرکەی ماڵەوە دادەنیشین و هۆکاری ئەو لە کۆڵان دانیشتنەشیان بۆ تەنیایی و بێکاری گەڕاندۆتەوە.

ئەو کارناسە راشیگەیاندووە، بە سەرنجدان بەوەی کە ژنانی ئیلام بە ئاسانی دەستیان بە شوێنە کولتوورییەکان و وەرزشییەکان راناگات، رێژەیەکی کەم لە ژنانی ئیلامی چالاکیی وەرزشییان هەیە، بەشێوەیەک کە ٩٢%ی ئەو ژنانە تەنیا لە کاتی چوون بۆ بازاڕدا جوڵە و بزاوتیان هەیە.

لەلایەکی دیکەوە ماوەی یەک ساڵ پێش ئێستا پرۆژەی دروست کردنی پارکێکی تایبەت بە ژنان لە ئیلام کۆتایی پێ هات، بەڵام هەتا ئێستا ئەو پارکە نەتەنیا لە زۆربەی خزمەتگوزارییەکان بیێبەرییە، بەڵکو هچ جۆرە گیا و گوڵ و درەختێکی تێدا نەچێندراوە.

پوور نەجەف باسی لەوەش کرد، هەنووکە رێژەیەکی بەرچاو لە لاوانی لە ئوستانی ئیلام گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکان بوون، رێژەی خۆسووتاندن و خۆکوشتن بگاتە ئەوپەڕی خۆی، ئ٣وەش لە کاتێک دایە کە هەتا ئێستا هیچ بەستێنێک بۆ گۆڕانی فەرهەنگی پێک نەهاتووە، بۆیە کچەکانمان یان لە ماڵەوە هەڵدێن یان خۆیان دەسووتێنن.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا \"جەعفەر نوور محەممەدی\" دەرهێنەری کوردی خەڵکی شاری ئیلام لە وتوێژ لەگەڵ هەواڵدەریی \"ئیسنا\" سەبارەت بە زیادبوونی دیاردەی خۆ سووتاندن لە ئوستانی ئیلام وێڕای رەخنەی لە بەرپرسانی ئەو ئوستانە، رایگەیاندبووە: بەرپرسانی حکوومەتی رێگری لە هونەرمەندانی خۆجێی دەکەن کە سەبارەت بە دیاردەی خۆ سووتاندن لێکۆڵینەوەی مەیدانی بکەن بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە فیلم دروست بکەن.